ئاگادارییەک بۆ دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی
Sept. 28, 2016, 10:32 a.m.

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی

 

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایدەگەێنێت، خوێندکارانی دەرچوی دوانزەی ئامادەیی دەتوانن سەردانی وێبسیاتی (زانکۆلاین) بکەن بۆ دڵنیابون لە ڕاستی و دروستی نمرەکانیان.

عەباس ئەکرەم دزەیی وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: بەشێوەیەکی ڕەسمی لە ڕێکەوتی (٢٦/٩/٢٠١٦) لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە ئەنجامەکانی خولی دوەمی دەرچوانی قۆناغی دوانزەی ئامادەیی گەیشتۆتە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، بۆ ئەم مەبەستەش لە پێناو کاراکردنی پڕۆسەی (زانکۆلاین) و، گەڕانەوەی ناوی خوێندکاران لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتەکەمان ئاگاداری دەرچوانی قۆناغی دوانزەی ئامادەیی دەکات، بۆ دڵنیابون لە کۆنمرەی پۆلی (١٢) و، هەژمارکردنی نمرەی قۆناغەکانی (١٠) و (١١)یان، لە ئەمڕۆ ڕێکەوتی (28/9/٢٠١٦) بەدواوە دەتوانن سەردانی وێبسایتی (زانکۆلاین) بەناونیشانی  (regayzanko.com) بکەن، هەروەک داوای لە دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی دەکەین، ئەگەر هەر خوێندکارێک هەڵە لە کۆنمرەکانیان هەبو، با بەزوترین کات پێویستە سەردانی (بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەزمونەکانی لە وەزارەتی پەروەردە) بکات بۆ چاککردنی هەڵەکانیان و، دواتر ڕاستی نمرەکانیان بگەێننە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.

 

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەوەشی ڕاگەیاند: دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی خولی یەکەم و دووەم دەتوانن بە ژمارەی ئەزمونەکانی قۆناغی دوانزەی ئامادەییان بچنە ناو سیستمی (زانکۆلاین) بۆ دڵنیابون لە کۆنمرەکانیان، وتیشی ئەم ئاگادارییە تەنها بۆ دڵنیابونی خوێندکاران و قوتابیانە لە ڕاستی و دروستی نمرەکانیان، بەهیچ جۆرێک پەیوەندی بە هەڵبژاردن و دیاریکردنی (بەش و کۆلێژ و زانکۆکان) و، پێشکەشکردن بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان نیە، بەڵکو کاراکردنی (زانکۆلاین) لە کاتێکی دیکەدا ڕادەگەێنین.