مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ سەرۆكی یەكێتیی زانكۆكانی جیهان ده‌كات
May 7, 2016, 10:53 a.m.

روژى 5/5/2016 مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لە پڕۆفیسۆر زولكەفل عەبدولڕەزاق سەرۆكی یەكێتیی زانكۆكانی جیهان كرد. 

لە دیدارەكەدا، كه‌ دكتۆر مسلح محه‌مه‌د سه‌رۆكی زانكۆی دهۆك ئاماده‌یبوو، كوالێتی و پرۆسه‌ی خوێندن و هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری له‌ نێوان زانكۆكانی كوردستان و یه‌كێتی زانكۆكانی جیهانی تاوتوكرا.

سەرۆكی یەكێتیی زانكۆكانی جیهان خۆشحاڵیی خۆی به‌و سەردانه‌ی كوردستان ده‌ربڕی، كه‌ یه‌كه‌م سه‌ردانیه‌تی بۆ ناوچه‌كه‌ و رایگه‌یاند، سه‌ره‌ڕای هه‌ڕه‌شه‌ و ته‌حه‌دییه‌كان پێشكەوتن و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان ژینگه‌یه‌كی له‌باری دروست كردووه‌‌ بۆ پێشكه‌وتنی خوێندنی ئه‌كادیمی و زانستی. 

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا باسی لە هەنگاو و چالاكییەكانی ئاینده‌ی یەكێتییەكە له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و هه‌رێمی كوردستان كرد و ڕایگەیاند، یەكێتی زانكۆكانی جیهان به‌ ئامانجی به‌رزكردنه‌وه‌ی كواڵێتی و ئاستی خوێندنی ئه‌كادیمی و زانستی كار ده‌كات بۆ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان. 

لەبەرانبەردا راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، وێڕای بەخێرهاتنی سەرۆكی یەكێتیی زانكۆكانی جیهان، ئاماده‌یی خۆشی نیشاندا بۆ كارئاسانی چالاكییەكانی ئاینده‌ی یه‌كێتییه‌كه‌ و رایگه‌یاند، بیرۆكه‌ی دامه‌زراندنی دامه‌زراوه‌ی زانكۆی ئه‌مریكی‌ كوردستان له‌ دهۆك هه‌ر ئامانج لێی به‌رزكردنه‌وه‌ی كوالێتی خوێندن و پێگه‌یاندنی سه‌ركرده‌ی بواره‌كان بوو له‌به‌رده‌م ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێ خوێندنی ئه‌كادیمی ته‌واو بكه‌ن له‌بری ئه‌وه‌ی بچنه‌ ده‌ره‌وه‌. له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌شدا هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن.

یه‌كێتی زانكۆكانی جیهان ساڵی 1950 دامه‌زراوه‌ و سه‌ر به‌ رێكخراوی یونسكۆیه‌ و 120 وڵات تێیدا ئه‌ندامن.