ئاگادارییەکى گرنگ لە وەزارەتى خوێندنى باڵا بۆ مامۆستایانى زانکۆ و شاره‌زایانی بواری ئه‌كادیمی و خوێندنی باڵا
Aug. 4, 2019, 2:57 p.m.

بۆ وەرگرتنى ڕاو پێشنیازى مامۆستایان و بەشدارى پێکردنیان لە داڕشتنى کارنامەى چوار ساڵى کارکردن، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى داوا لە مامۆستایانى زانکۆکانى کوردستان و شاره‌زایانی بواری ئه‌كادیمی و خوێندنی باڵا دەکات، پێشنیازەکانیان بۆ وەزارەت بنێرن.

عەباس ئەکرەم وتەبێژى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەلێدوانێکدا ڕایگەیاند: لە دواین کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەت کە لە ڕۆژى (٢٤/٧/٢٠١٩) بەڕێوەچوو، ئەنجومەن بڕیاریدا لێژنەیەک پێکبهێنرێت بۆ کۆکردنەوەى پێشنیازى زانکۆکانى کوردستان بەمەبەستى ئامادەکردنى کارنامەى چوار ساڵى کارکردنى وەزارەت. وتیشى: لەسەر ڕاسپاردەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاریدا کە مامۆستایانى زانکۆکانى کوردستان و شاره‌زایانی بواری ئه‌كادیمی و خوێندنی باڵا بۆیان هەیە لەڕێگەى ئیمێڵی (work.plan@mhe-krg.org)، ڕاو پێشنیازیان بۆ کارنامەى چوار ساڵى کارکردنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بنێرن. ڕاشیگەیاند بۆ ئەوەى مامۆستایانى زانکۆ پێگەو کاریگەریان لەسەر پرۆسەى خوێندن لە دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا هەبێت، بەشداریان پێدەکرێت لەڕێگەى وەرگرتنى ڕاو پێشنیازیان بۆ کارنامەى چوار ساڵى کارکردن، کە ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ سەرکەوتن و جێبەجێ کردنى پلانى کارکردن.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیگەیاند: مامۆستایانى زانکۆ و شاره‌زایانی بواری ئه‌كادیمی وخوێندنی باڵا، دەتوانن لەماوەى (١٠) رۆژدا واتە لە ئەمڕۆ ڕێکەوتى (٢٨/٧/٢٠١٩) تاکو (٧/٨/٢٠١٩)، پێشنیاز و بۆچوونیان لەبارەى ئەو بابەت و پرۆژەو بەرنامانەى کە پێیان باشە وەک کارنامەى وەزارەت، بنێرن بۆ وەزارەتەکەمان و لەلایەن لێژنەى تایبەتمەند سەیرى تەواوى پێشنیازەکان دەکرێت و لەکارنامەى چوار ساڵى کارکردنى وەزارەت جێگەى بۆ دەکرێتەوە.

 

 

جێگەى ئاماژەیە ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتەکانى راسپاردوە لەماوەى (٣٠) ڕۆژدا لەژێر رۆشنایی هێڵە گشتییەكانی كارنامەی كابینەی نۆیەم، کارنامەى وەزارەت دابڕێژن و پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیرانی بكەن بۆ ئەوەی پەسەند بكرێت و بخرێتە بواری جێبەجێ كردنەوە، بۆ دەوڵەمەندکردن و وەرگرتنى پێشنیازى بەسود و زانستیش، وەزارەتى خوێندنى باڵا بڕیاریداوە راى مامۆستایانى زانکۆش وەربگرێت و لەم پڕۆسەیەدا بەشداریان پێبکات.

 http://www.mhe-krg.org/ku/node/3978