ماوه‌ی پێشكه‌شكردنی خوێندنی دبلۆمی باڵا و ماسته‌ر و دكتۆرا درێژ کرایەوە

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاریدا بە درێژکردنەوەى ماوەى پێشکەشکردن بۆ خوێندنى باڵا/ دبلۆمى باڵاى یەک ساڵە و ماستەر و دکتۆرا، له‌هه‌مان كاتدا بڕیاری گۆڕانگاری له‌ واده‌ی  ئەنجامدانى تاقیکردنەوەى توانستى زانستی و ده‌ستپێكردنی ساڵی خوێندنیش كرد.

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: لە پێناو بەرژەوەندى گشتى و ڕەخساندنى دەرفەتى زیاتر بۆ خوازیاران و پێشکەشکارانى خوێندنى باڵا/ دبلۆمى باڵاى یەک ساڵەى ئەکادیمى و ماستەر و دکتۆرا و، لەسەر ڕاسپاردەى (د. ئارام محمد قادر) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاریدا بە درێژکردنەوەى ماوەى پێشکەشکردن و ئەنجامدانى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى، بەمەش گۆڕانکارى بەسەر ماوەى پێشکەشکردن و تاقیکردنەوەکان و ده‌ستپێكردنی ساڵی خوێندن دێت، گۆڕانكارییه‌كانیش به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه ده‌بێ‌:

  • ماوه‌ی پێشكه‌شكردن بۆ خوێندنی باڵا/دبلۆمی باڵا و ماسته‌ر و دكتۆرا: تاکو ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (2-2-2020) درێژکرایەوە.
  • تاقیكردنه‌وه‌ی توانستی زانستی: رۆژى دوشەمە رێكه‌وتی (10-2-2020) ئەنجام دەدرێت.

ده‌ستپێكردنی خوێندن: ڕێكه‌وتی (1/3/2020).