وەزیرى خوێندنى باڵا ڕێنماییەکانى خوێندنى ماستەر و دکتۆراى ئیمزا کرد
Oct. 28, 2019, 11:08 a.m.

 

بەڕێوەبەرایەتى ڕاگەیاندنى وەزارەت

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕێنماییەکانى خوێندنى باڵا/ ماستەر و دکتۆرا بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٩-٢٠٢٠) بەڕەچاوکردنى کواڵێتى خوێندن و، ڕەخساندنى دەرفەتى یەکسان بۆ خوازیاران دەرکرد.

 

دواى ئەوەى لە کۆبونەوەى ژمارە (٥)ى ئەنجومەنى وەزارەتەکەمان، کە لە ڕێکەوتى (١/١٠/٢٠١٩) و (٦/١٠/٢٠١٩) بەڕێوەچوو و تێیدا ڕێنماییەکانى خوێندنى باڵا/ ماستەر و دکتۆراى بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٩-٢٠٢٠) لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان پەسەند کرد، ئەمڕۆ یەکشەمە ڕێکەوتى (٢٧/١٠/٢٠١٩) د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەقى ڕێنماییەکانى ئیمزا کرد.

 

لەو چوارچێوەیەدا و، ڕێنمایی ژمارە (٥) کە بەئیمزاى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەرچوە، تایبەتە بەخوێندنى باڵا/ ماستەر لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و، وەرگرتنى خوازیاران بەپێى ئەو ڕێنماییە دەبێت.

 

بۆ خوێندنەوەى دەقى ڕێنمایی خوێندنى باڵا/ ماستەر تکایە کلیک ( لێـــــــره‌ ) بكه‌.

 

بەهەمان شێوەش ڕێنمایى ژمارە (٦) کە بەئیمزاى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەرچوە، تایبەتە بەخوێندنى باڵا/ دکتۆرا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و، وەرگرتنى خوازیاران بەپێى ئەو ڕێنماییانە دەبێت.

 

بۆ خوێندنەوەى دەقى ڕێنمایی خوێندنى باڵا/ دكتۆرا تکایە کلیک ( لێـــــــره‌ ) بكه‌.

 

لەو بارەیەوە د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لە ڕێنماییەکانى ئەمساڵى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا گۆڕانکارى بنەڕەتى لە مەرجەکانى پێشکەشکردن، توانستى زمان، تەمەن، پلان و کورسى خوێندن كراوه‌، بەشێوەیەک هه‌وڵمانداوه‌دەرفەتی زیاترى خوێندنی باڵا بۆ دەرچوانی زانکۆکانمان له‌ناوخۆی وڵات بڕەخسێنین بۆ ئەوەی بتوانن کاتەکانتان بەکار بهێنن بۆ گەشەپێدانی توانای زانستی و ئەکادیمییان

 

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئه‌وه‌شی ڕاگەیاند: دەمانەوێت دەرفەتی زیاتری خوێندنی باڵا بۆ دەرچوانی زانکۆکانمان بڕەخسێنین بۆ ئەوەی بتوانن پلانەکانمان ڕێگر بێت لە چونە دەرەوەى سامانى نیشتیمانى وڵاتەکەمان، د. ئارام محمد قادر وتیشى: بەڕەخساندنى دەرفەتى خوێندنى باڵاى ماستەر و دکتۆرا، زۆرترین دەرفەت بۆ خوازیاران لەڕێگەى پلانەکانى ماستەرو دکتۆرا دەستەبەر دەکەین، بەم شێوەیەش هەموومان پێکەوە دەتوانین کار بۆ بنیادنانی ئابوورییەکی سەقامگیر و گەشەکرد و بۆ هەرێمەکەمان بکەین.

 

واش بڕیاره‌، لە ئایندەییەکى نزیکدا وەزارەتەکەمان بەنوسراوى فەرمى داواى پلان لە زانکۆکان بکات، دواى ناردنى پلانەکان و پەسەندکردنیان، وه‌زاره‌ت ماوەى پێشکەشکردن و كاتی تاقیکردنەوەى توانستى زانستى و ڕاگەیاندنى ئەنجامەکان و دەستپێکردنى خوێندنى ئەکادیمى ڕادەگەیەنێت.

 

http://mhe-krg.org/ku/node/4068