MHE has announcement the 1st national Grant
Feb. 9, 2018, 11:21 a.m.

بەڕێوەبەرایەتى ڕاگەیاندنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی مامۆستایان و توێژەرانی کوردستان ئاگادار دەکات، کە لەئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتى (٧/٢/٢٠١٨)ەوە دەرگای پێشکەشکردنی پرۆپۆزەڵی توێژینەوەی زانستی بۆ مەبەستی بەستهێنانی گرانتی ئەنجومەنی توێژینەوەی زانستی دەکاتەوە.

لەو چوارچێوەیەدا توێژەرانی کوردستان دەتوانن لەم بوارانەی لای خوارەوە پرۆپۆزەڵەکانیان ئاڕاستەی وەزارەت بکەن، بوارەکانیش بریتین لە:

  1. بوارە فرە دیسپلینەکانی زانستە سروشتی و تەتبیقییەکان.
  2. بوارەی زانستی پزیشکیی.
  3. بواری وزە و سامانە سروشتییەکان و ژینگە.
  4. بواری تەکنۆلۆجیای زانیاری و گەیاندن.
  5. بواری گەشەپێدانی ئابوری.
  6. بواری جێندەر.
  7. بواری یاسا و ڕامیاری.
  8. بواری زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان.

گرانتی ئەنجومەنی توێژینەوەی زانستی دەبەخشرێتە ئەو توێژینەوانەی کە لە ئەولەویەتی بەرژەوەندیی نیشتیمانیی هەرێمی کوردستانن و، چارەسەری گرفتە هەنوکەییەکانی هەرێمەکەمان دەکەن، لەسەر بنەمای کواڵیتی و کاریگەریی توێژینەوەکان و ڕەخساندنی هەلی یەکسان و شەفافیەت و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، بۆ ئەم مەبەستەش پەیڕەوی سیستمی پێداچوونەوەی هاوەڵانە (Peer Review) دەکرێت.

تێبینى:

  • دوا مۆڵەت بۆ پێشکەشکردنی پرۆپۆزەڵەکان ڕۆژی دوو شەممەی ڕێکەوتی (١٢/٣/٢٠١٨) یە.
  • توێژەران دەتوانن پرۆپۆزەڵەکانتان بۆ ئەم ئیمەیلە (Schoralships@mhe-krg.org) ڕەوانە بکەن.

 ئەنجومەنی توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی کوردستان کۆمیتەیەکی زانستیی ستراتیجی نیشتیمانییە کار دەکات بۆ هاندان و گەشەپێدان و کاراکردنی چالاکی توێژینەوەی زانستی لە بواری پسپۆڕی جیاجیادا لەبەر ڕۆشنایی پێداویستییە زانستی و تەکنۆلۆجی و ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها هەوڵ دەدات بۆ بەکارهێنانی بەرهەمەکانی توێژینەوەی زانستی بۆ مەبەستی گەشەپێدانی هەمەلایەنەی هەرێمی کوردستان، وەک گرانتى یەکەم گرانتى نیشتیمانى بڕی (٢٥٠ ملیۆن دینار) بۆ ئەنجومەنەکە تەرخان کراوە.