English Language Training Course guide

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ ماوه‌ی ڕابردوو، بڕیاریدا به‌كردنه‌وه‌ی خولی په‌ره‌پێدانی زمانی ئینگلیزی بۆ كاندیدانی خوێندنی ماسته‌ر و دكتۆرا و خوازیارانی نازناوی زانستی كه‌ تاقیكردنه‌وه‌ی ستانداردی نێوده‌وڵه‌تیان ئه‌نجام داوه‌، به‌ڵام نمره‌ی پێویستیان به‌ پێی رێنماییه‌كان به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا و، بەمەبەستى ئامادەکارى بۆ ڕێکخستن و به‌ڕێوه‌چونی ڕۆژی تاقیکردنەوە و، دیاریکردنى ئاسته‌كان، له‌ دیوانی وه‌زاره‌ت به‌سه‌رپه‌رشتی د.ئامانج سه‌عید ڕاوێژكاری وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، كۆبونه‌وه‌یه‌كی فراوان له‌ نێوان سێنته‌ره‌كانی زمانی ئینگلیزی و ڕێكخراوی (AMIDEAST)ى ئه‌مریكی به‌ڕێوه‌چوو، لەبەر ڕۆشنایىڕێنمایى ژمارە (٥) ى ساڵى (٢٠١٨)كۆمه‌ڵێك بڕیار و ڕێنماییی ده‌ركرا.

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا، كه‌ به‌ئاماده‌بونی م. فوئاد عەلى یاریدەدەرى بەڕێوەبەرى گشتى توێژینەوە و پەرەپێدان و، کریستۆڤەر لیدلۆ سەرپەرشتیارى ڕێکخراوى ئیمیدیست لە کوردستان و عێراق و، به‌ڕێوه‌به‌ری سێنته‌ره‌كانی زمان لە زانکۆکانى (سەڵاحەدین – سلێمانى – دهۆک – راپەڕین) به‌ڕێوه‌چو، گفتوگۆ دەربارەى هەنگاوەکانى کردنەوەى ئەو خولانە لە پارێزگاکانى (هەولێر، سلێمانى ودهۆک و ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین) کرا و بڕیاری پێویستیان له‌باره‌وه‌ درا.

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: لەبەشى یەکەمى کۆبونەوەکە، كه‌ لەگەڵ سێنته‌ره‌كانی زمان له‌ زانکۆکانى (سەڵاحەددین/هه‌ولێر – سلێمانى – دهۆک  و ڕاپەڕین) به‌ڕێوه‌چو، گفتوگۆ له‌باره‌ی پێداویستیه‌كان و میكانزمه‌كانی به‌ڕێوه‌چونی خوله‌كه‌ كرد، بۆ ئه‌وه‌ش چه‌ند پێشنیازێكیان گه‌ڵاڵه‌كرد.

وتیشی له‌ به‌شی دوه‌می كۆبونه‌وه‌كه‌دا، کە به‌سه‌رپه‌رشتی وه‌زاره‌ت له‌ نێوان به‌ڕێوه‌به‌ری سێنته‌ره‌كانی زمان و ڕێكخراوی (AMIDEAST)ى قازانج نەویستى نێودەوڵەتی به‌ڕێوه‌چو، ڕێوشوێنی پێویست دانرا بۆ به‌ڕێوه‌چونی ناوتۆماركردنی كاندیده‌كان و، ئەنجامدانى تاقیکردنەوەى دیاریکردنى ئاسته‌كان له‌ سێنته‌ره‌كانی زمان.

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی باسی له‌ ورده‌كاری بڕیاره‌كان كرد و وتی: كۆبونه‌وه‌كه‌ گه‌یشته‌ ئه‌م بڕیارانه‌ی لای خواره‌وه‌:

1.  سێنته‌ره‌كانی زمان له‌ زانکۆکانى (سەڵاحەددین/هه‌ولێر – سلێمانى – دهۆک  و ڕاپەڕین) دیاریكران بۆ ڕۆژی ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌ بۆ دیاریكردنی ئاسته‌كان.

2.    ڕێکەوتى (24/9/2018) دوا وادەیه‌ بۆ خۆتۆماركردن له‌ یه‌كێك له‌و سێنته‌رانه‌ی سه‌ره‌وه‌.

3.   تاقیکردنەوەکە بۆ سه‌رجه‌م كاندیده‌كانی ماسته‌ر و دكتۆرا و، خوێندكارانی دكتۆرایه‌‌ جا چ له‌ کەرتی حکومی بن، یا تایبەت كاربكه‌ن، له‌ هه‌مان كاتدا خوازیارانی به‌ده‌ستهێنانی نازناوی زانستی و كاندیدانی بۆردی كوردستانی ساڵی (2016-2017) و (2017-2018) ده‌گرێته‌وه‌. 

4.   خوازیار مەرجە یەکێک لە تاقیکردنەوەکانی (IELTS, TOEFL, PTE) ئه‌نجامدابێت، یان پێش  ڕێكه‌وتی ئەنجامی تاقیکردنەوەی دیاریکردنی ئاست، خۆی بۆ یەکێک لەو تاقیکردنەوانە تۆمار کردبێت.

5.   ئەنجامی یه‌كێك لە تاقیکردنەوەکانی (IELTS, TOEFL, PTE)، له‌گه‌ڵ ئه‌نجامی ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌یه‌ی له‌ ڕێكه‌وتی (26/9/2018) به‌ڕێوه‌ده‌چێت ده‌بێته‌ بنه‌مای سه‌ره‌كی بۆ دیاریكردنی ئاست (Level) و ماوه‌ی خولی زمانی ئینگلیزی كاندیده‌كان.

6.   پێویسته‌ خوازیار به‌ر له‌ رێكه‌وتی ئه‌نجامدانی ڕۆژی تاقیكردنه‌وه، فه‌رمانی زانكۆیی كاندیدبونی له‌ سه‌رۆكایه‌تی زانكۆكانیان وه‌ربگرنه‌وه‌.

7.   پێویسته‌ خوازیاران تا ڕێكه‌وتی (24/9/2018) وێنه‌یه‌ك له‌ فەرمانی زانکۆیی کاندیدبون و، ئەنجامی یه‌كێك لە تاقیکردنەوەکانی (IELTS, TOEFL, PTE) كه‌ ئه‌نجامیداوه‌، پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتی سێنته‌ره‌كانی زمان بکات.

8.  بۆ ئه‌و كاندیدانه‌ی پێش رێكه‌وتی (26-9-2018) تاقیكردنه‌وه‌ی  (IELTS, TOEFL, PTE)یان ئه‌نجام داوه‌، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا ئه‌نجامی تاقیكردنه‌وه‌كه‌یان وه‌رنه‌گرتۆته‌وه‌، ئه‌وا ده‌توانن وێنه‌یه‌ك له‌ پسوله‌ی تاقیكردنه‌وه‌ پێشكه‌ش به‌ سێنته‌ری زمان له‌ زانكۆكانی (سه‌ڵاحه‌دین، سلێمانی، دهۆك، راپه‌رین) بكه‌ن، بۆ به‌ مه‌به‌ستی ناوتۆماركردنیان بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی ده‌ستنیشانكردنی ئاسته‌كانیان به‌ مه‌رجێك به‌لێننامه‌ پێشكه‌ش بكه‌ن كه‌ تا رێكه‌وتی (5/10/2018) ئه‌نجامی تاقیكردنه‌وه‌كانی (IELTS, TOEFL, PTE) پێشكه‌ش به‌و سێنته‌رانه‌‌ بكه‌ن، بە پێچەوانەوە هەر ئەنجامێک بکەوێتە دوای ئه‌م رێكه‌وته‌، ئه‌وا لەم کۆرسەی ئێستا بێبەش دەبێت و دەکەوێتە کۆرسەكانی داهاتوو.

9.  . ئه‌و كاندیدانه‌ی تا ڕێكه‌وتی (26-9-2018) هیچ جۆره‌ تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی (IELTS, TOEFL, PTE)یان ئه‌نجام نه‌دابێت و، دواتر یه‌كێك له‌ تاقیكردنه‌وه‌ ستانداره‌كان ئه‌نجام بده‌ن بۆیان هه‌یه‌ دوای ته‌واوبوونی ئه‌م خوله‌ و له‌ خولی داهاتوی په‌ره‌پێدانی زمانی ئینگلیزی به‌شدار بن به‌ مه‌رجێك ماوه‌ی (1) یه‌ك سال تێپه‌ر نه‌كات له‌ ڕێكه‌وتی ته‌واوبوونی ماوه‌ی یاسایی دوایین درێژكردنه‌وه‌ی پێشووی (واته‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ماوه‌ی (2) ساڵ (9) مانگ تێپه‌ر نه‌كات له‌ ڕێكه‌وتی ده‌رچونی فه‌رمانی كاندیدبونی).

10.      ئەگەر خوازیارێك پێشتر یه‌كێك له‌ تاقیکردنەوەکانی (IELTS, TOEFL, PTE) ئه‌نجام دابێت، به‌ڵام ماوه‌ی به‌سه‌رچوبێت، ده‌توانێ تاقیكردنه‌وه‌ی دیكه‌ نه‌كات، به‌ڵام  بە مەرجێک په‌سند ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر بڕوانامه‌كه‌ی لە لایه‌ن زانكۆكه‌ی ڕاستاندن (Verification of Authenticity)ی بۆ كرابێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌بێ تاقیكردنه‌وه‌كه‌ ئه‌نجام بداته‌وه‌.

11.      بڕوانامەکانی سێنته‌ره‌كانی زمان، کە بۆ وەرگرتن لە دکتۆرا لە ساڵی (٢٠١٥) بۆ بەشداریکردن لە تاقیکردنەوەی دیاریکردنی ئاستی زانستی پێشكه‌شكرابون، مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ناكرێ. 

12.      کاندیدانی ماستەر و دکتۆرا و خوازیارانی به‌ده‌ستهێنانی نازناوی زانستی ئازادن لە چ زانکۆیەک (سه‌ڵاحه‌ددین/ هه‌ولێر ، سلێمانی، دهۆک، ڕاپەڕین) پێداویستیه‌كانیان پێشكه‌ش بكه‌ن و تاقیکردنەوەکە ئەنجام بده‌ن. بەڵام بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر سێنته‌ره‌كانی زمان له‌ زانکۆکانی سه‌ڵاحه‌ددین و سلێمانی وا باشترە دانیشتوانی قەزای (سۆران و کۆیە) خۆیان لە سێنته‌ری زمان زانکۆی ڕاپەڕین تۆمار بکەن.   

13.      ماوه‌ی خوێندن له‌ هه‌ر ئاستێك تا ئێستا بڕیاری لێ نەدراوە، به‌ڵكو دوای به‌ڕێوه‌چونی تاقیکردنەوەکان له‌ سەنتەرەکانی زمان، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌هاوكاری ڕێكخراوی (AMIDEAST) و سه‌نته‌ری زمانی زاكۆكان دوا بڕیاری لەسەر دەدات. 

14.      تاقیكردنه‌وه‌كه‌ له‌ سه‌عات (11:00)ی به‌یانی و، (02:00)ی دوای نیوه‌ڕۆی ڕێكه‌وتی (26/9/2018) له‌ یه‌ك كاتدا له‌ سێنته‌ره‌كانی زمان له‌ زانكۆكانی (سه‌ڵاحه‌ددین/ هه‌ولێر ، سلێمانی، دهۆک، ڕاپەڕین) به‌ڕێوه‌ده‌چێت، بۆیه‌ ده‌بێ خوازیاران به‌ (30) خوله‌ك پێشتر له‌ شوێنی دیاریكراو ئاماده‌بن.

15.      وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی تێچوی به‌ڕێوه‌چوونی خوله‌كان بۆ مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی زانكۆ و ده‌زگا و دامه‌زراوه‌كانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌ت ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ.

16.      پێداویستیەکان بۆ ڕۆژی تاقیکردنەوەی دیاریکردنی ئاست بریتین لە : قەڵەم جاف ڕه‌نگی  شین، كارتی نیشتیمانی، یان ناسنامه‌ی باری شارستانی، یان ڕه‌گه‌زنامه‌، یاخود پاسه‌پۆرت له‌گه‌ڵ خۆی ببات. 

17.          ئامێرە ئەلیکترۆنیەکان بە تایبەت مۆبایل ڕێگەپێدراو نیە بۆ هۆڵەکانی تاقیکردنەوە.